بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەپێناو گوزەرانی خەڵک، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی دەبەین

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نێت،" كه‌ ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت. ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و دروستکردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە.

‌‎ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە. ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بەهەمووشێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە. یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات. سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبووە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم رێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین. دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی.

‌‎دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین. پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات. خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن. دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان