وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق: گۆڕانی نرخی دراو ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسانی له‌ عێراق زیادكردووه‌‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی گۆڕانی نرخی دراو رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ عێراق زیادیكردووه‌‌.

عه‌بدول زه‌هره‌ ئه‌لهنداوی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، ناسه‌قامگیری نرخی دراو له‌ عێراق له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووداو، به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئۆكرانیا و رووسیا ، نرخی كاڵاكان له‌ بازاڕدا گرانتركردوه‌ ، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ عێراق به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

وتیشی، به‌پێی ئاماره‌كان، رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ سه‌دا 6 بۆ 7 زیادیكردووه‌و، هه‌رچه‌ند حكومه‌تی عێراق هه‌وڵه‌كانی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كان چڕكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌وبووه‌.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ئه‌لمه‌هداوی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان حكومه‌تی پلانی داناوه‌، وه‌ك پارێزگاریكردن له‌ به‌های دراوی عێراقی و، پشتگیریكردن له‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی هاورده‌كردنی پێداویستییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌.