ناتۆ لە بەرامبەر هێرشە نوێکانی رووسیا داوای پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی ئاشکرا کرد کە رووسیا لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ، بەمهۆیەشەوە پێویستە بەخێرایی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاد بکرێن.

ستۆڵتنبێرگ، لە دوای کۆبوونەوەی گروپی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کە بۆ پشتیوانی کردن لەو وڵاتە لە بنکەی سەربازی ئەمریکی رامشتاین لە ئەڵمانیا، رێکخرابوو، لێدوانێکی دا و ئەوەی خستەڕوو کە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لەو پاکێجە نوێیەی هاوکاری کردووە کە بڕیارە پێشکەشی بکرێت، گوتیشی: "رووسیا ئامادەکاری بۆ پەلاماری نوێ دەکات، بەم هۆیەشەوە پێویستە هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا بەخێرایی زیاد بکرێن تا بتوانێت جەنگەکە بباتەوە و خاکە داگیرکراوەکانی کۆنتڕۆڵ بکاتەوە".

سکرتێری گشتی ناتۆ، ئاماژەی بەوەشدا کە رووسیا مەیلی بۆ ئاشتی نیشان نەداوە و بەپێچەوانەوە ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەن دەکات.

ستۆڵتنبێرگ، جەختی لەوەش کردەوە کە بەمهۆیەوە زیاد کردنی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا، گرنگن و ئەگەر لە ئایندەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، پێویستە ئۆکرانیا بە سەرکەوتنەکانی لە مەیدانی جەنگدا، ببێتە لایەنی بەهێز.

سکرتێری گشتی ناتۆ، باسی لەوەش کرد کە خۆشحاڵە بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و سوید بۆ دابین کردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی، چەکی پیادە و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەریەکە لە بەریتانیا، فەڕەنسا و پۆڵەندا، ئامادەیی خۆیان بۆ دابین کردنی تانکی جەنگی گەورە و تانکی بچووک، خستووەتەڕوو.

ناوبراو، داوای لە ئەندامانی دیکەی ناتۆ و هاوپەیمانانی کرد، بەهەمان شێوە هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا بکەن.