توركیا لەسەر سوتاندنی كۆپییەكی قورئانی پیرۆز سەردانی وەزیری بەرگری سویدی بۆ ئەنقەرە هەڵوەشاندەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دوای ئەوەی رۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی سوید مۆڵەتیان بە خۆپیشاندانی راستڕەوە توندڕەوەكاندا لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ستۆكهۆڵم خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و دواتر سیاسەتمەدارێكی ڕاستڕەوی سویدی بەناوی "بالودان" لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ستۆكهۆڵم قورئانێكی پیرۆزی ئاگر تێبەردا و سوتاندی، ئەوەش توركیای توڕە كرد ئەمڕۆ حكومەتی توركیا بانگێهشتی باڵیۆزی سویدی كرد لە ئەنقەرە و سەردانی وەزیری بەرگری سویدیشی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە كە بڕیابوو لە 27ی ئەم مانگە سەردانی ئەنقەرە بكات.

سەردانی وەزیری بەرگری سوید بۆ توركیا لەسەر بانگهێشتی خەلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بوو لە كاتێكدا سوید هیوادارە توركیا پاڵپشتی بكات بۆ ئەوەی ببیچتە ئەندامی ناتۆ و تا ئێستا توركیا ڤیتۆی هەیە لەسەر بە ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ.

توركیا حكومەتی سوید بەوە تۆمەتبار دەكات كە ڕێگەی داوە بە سیاسەتمەدارێكی ڕاستڕەوی توندڕەو بە سووتاندنی كۆپییەكی قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ستۆكهۆڵم ئەمڕۆش ئەنقەرە ئەو كارەی سەركۆنە كرد و كردەوەیەكی ئازر بەخش وەسفی كرد، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە میانەی بانگهێشتكردنی باڵیۆزی سوید لە ئەنقەرە، بە توندترین زاراوەی ڕێگەدان بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی بۆ سووتاندنی كۆپییەكی قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەنقەرە لە ستۆكهۆڵم ئاگاداری كردووەتەوە.

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا باڵیۆزی سوید لە ئەنقەرە بانگهێشت بكات، یەكەمیان دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو كلیپێكی ڤیدیۆیی پەخشكرا كە بووكەڵەیەكی بە وێنەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا هەڵواسرابوو، كە ئەمەش لە میانەی خۆپیشاندانێكدا ئەنجامدرا كە لەلایەن گروپێكی نزیك لە كوردەكانی ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانی لە كوردانی سوریا ڕێكخرابوو.