سوودانی: "عێراق وڵاتێکە بە دەستوور بەڕێوەدەبردرێت"

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە عێراق وڵاتێکە بە دەستوور و یاسا بەڕێوەدەبردرێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کار دەکەن بۆ دەستبەرکردنی سەربەخۆیی و پاراستنی شکۆی دەسەڵاتی دادوەریی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی سەردانی بارەگای دادگای باڵای فیدراڵیی لە بەغدا کردووە لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی دادگا، جاسم محەمەد عەبود و ئەندامانی دادگاکە کۆبووەتەوە.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە یاسا لە ھەموو ھەلومەرجێکدا جێبەجێ بکرێت و ئاماژەی بەوەداوە، حکوومەت لە ھەموو ھەنگاوەکانیدا، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق وڵاتێکە بە دەستوور و یاسا بەڕێوەدەبردرێت.

باسی لەوەش کردووە، محەمەد شیاع سوودانی جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کار دەکەن بۆ دەستبەرکردنی سەربەخۆیی و پاراستنی شکۆی دەسەڵاتی دادوەریی.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی، جاسم محەمەد عەبود رایگەیاندووە کە یاسا لەسەرووی ھەمووانەیەوە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتیی دادوەریی پشت و پەنایە بۆ بەدیھێنانی ئیرادەی گەلی عێراق.

باسی لەوەش کردووە، جاسم محەمەد عەبود پاڵپشتی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت راگەیاندووە.