باڵێۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ڕێگری ده‌كه‌ین له‌ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار به‌ قاچاخ بۆ ولاتانی دیكه‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

باڵێۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا بۆ یه‌كه‌م جاره‌ قسه‌ له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی نییه‌ و له‌ ئێستادا ئه‌مریكا هیچ سزایه‌كی نه‌خستۆته‌ سه‌ر هیچ بانكێكی عێراقی.

ێلینا رومانوسكی باڵێۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی دیناری عێراقی دا و رایگه‌یاند: ئه‌مریكا ده‌ستی نییه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار له‌ به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی هه‌روه‌ها بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا هیچ رۆڵێكی نییه‌ له‌ دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، ئه‌وه‌ی ئێستا باس ده‌كرێت كه‌ بانكی فیدراڵی ئه‌مریكا ده‌ستوه‌ردان ده‌كات له‌ بابه‌ته‌ داراییه‌كانی عێراق ڕاست نییه‌، به‌ڵكو ئه‌مریكا به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازی له‌گه‌ل بانكی فیدراڵی عێراق ده‌ستپێكردووه‌ بۆ چاكسازی له‌ پرسه‌ داراییه‌كان و ڕێگریكردن له‌ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دۆلار به‌شێوه‌ی قاچاخ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ولاتانی دیكه‌، چونكه‌ ئاشكرایه‌ له‌ به‌رچاوی گه‌لانی عێراق، داهات و پاره‌ی عێراقیه‌كان ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی عێراق سوودی لێبینن، ته‌نیا له‌و پرۆسه‌یه‌ چه‌ند قاچاخچیه‌ك و چه‌ند لایه‌نێك سودیان لێده‌بینی.

له‌باره‌ی كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلار رۆمانۆسكی ئاشكرای كرد، به‌ رێكه‌وت قۆناغی كۆتایی چاكسازیه‌كان كه‌وتۆته‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق، ئه‌گه‌رنا پێشتر له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشووش ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وادمی هه‌بووه‌.