دیجیتال میدیای سپێده
ئەو یەختە کە لەسەر داوای سەدام حوسێن بەشێوەیەکی تایبەت لە دانمارک دیزاین کراوە لە شاری بەسرە باشووری عێراق، وەک ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی دەریایی بەکاردەهێنرێت.
ئەو یەختە کە لە ساڵی ١٩٨٠ لە دانمارک دەست بە دروستکردنی کرا و کارەکانی دروستکردنی دوای ساڵێک تەواو بوو، وێڕای ئەوەی سەدام حوسێن هەرگیز پێی نەناوەتە ناوی، بە ناوی ئەوەوە کراوە.
یەختەکە بەهۆی جەنگی عێراق-ئێران کە هەشت ساڵی خایاند، دواتر شەڕی کەنداو، نەتوانرا بهێنرێتەوە عێراق. ئەو یەختەی کە باسی لێوە دەکرێت دواتر لەلایەن سەدام حوسێن-ەوە بە دیاری دراوە بە شای ئەوکاتەی سعوودیە، فەهد بن عەبدولعەزیز ئال سعوود.
- لە ساڵی ٢٠١٠ هێنراوەتە بەسرە
یەختەکە کە بەشی ناوەوەی بە مۆبیلیای زۆر بەنرخ رازێندراوەتەوە لە ١٨ ژوور و چوار نهۆم پێکدێت. لەناو یەختەکەدا کە درێژییەکەی ٨٢ مەترە، سەرتاشخانە و ژووری فریاگوزاری سەرەتاییش هەیە.
یەختەکە لە ساڵی ٢٠١٠ هێنرایەوە بەسرە و وەزیری گواستنەوەی ئەو کاتی عێراق، ئەمیر عەبدولجەبار رایگەیاند کە سەدام ئەم یەختەی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی دروست کردووە و بۆیە هێنراوەتەوە عێراق، چونکە موڵکی دەوڵەتە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ گەشتێکی زانستی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کە لەلایەن زانایانی عێراقی و ئەڵمانییەوە پەرەی پێدرابوو، بە یەختەکە ئەنجام درا.
لەئێستادا یەختە تایبەتەکەی سەدام کە لەسەر رووباری شەتەلعەرەب (ئەروەند) خاڵی بەیەکگەیشتنی دیجلە و فورات-ە، لەنگەری گرتووە و وەک سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی بەسرە بەکار دەهێنرێت.
- سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی رادەکێشێت
یەختەکە کە بە رووی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانیشدا کراوەتەوە بووە بە جێگەی سەرنجی زۆرێک لەو گەشتیارانەی لە چوارچێوەی جامی کەنداو کە هەفتەی رابردوو کۆتایی هات، هاتبوونە بەسرە.
گەشتیاران کە لە وڵاتانی کەنداوەوە هاتبوون، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە لەناو یەختەکەدا چرکاندبوویان.