كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا: پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سوید هه‌نگاوی پێویست بنێن له‌باره‌ی سووتاندنی قورئانه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

وته‌بێژ له‌ كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، یۆهانس باركی رایگه‌یاند، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سوید، هه‌نگاوی پێویست بنێن له‌باره‌ی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌و وڵاته‌.

یۆهانس باركی له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی وته‌بێژانی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌ سوید، به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپای له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، گوتی: "وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌ندین جار وتوومانه‌ رق و كینه‌ به‌هۆی ره‌گه‌زپه‌رستی، دژایه‌تیكردنی بیانییه‌كان و جیاوازیی نه‌ته‌وه‌ و ئایین له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا جێی نابێته‌وه‌. پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سوید هه‌نگاوی پێویست بنێن له‌مباره‌یه‌وه‌".

21ی ئه‌م مانگه‌ سه‌ركرده‌ی پارتی ئاڕاسته‌ی توند (سترام كورس)ی راستڕه‌وی توندئاژۆ، راسموسن پالودان-ی دانیماركی-سویدیی قورئانی پیرۆزی له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ ستۆكهۆڵم سووتاند. له‌وكاته‌دا هێزێكی زۆری پۆلیس پارێزگارییان لێده‌كرد و نه‌یانهێشت هیچ كه‌س لێی نزیك ببێته‌وه‌.