ئەمڕۆ سێ شاند بۆ لێكۆڵینەوە لە توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەچنە پارێزگاكان

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بۆ لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی عێراق دەكرێت، ئەمڕۆ سێ شاندی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئەو پارێزگایانە دەكەن كە خۆپیشاندانیان تێدا دەكرێت.

د. ناسر هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لەبارەی ئەو توندوتیژییەی لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكار دێت، ئێمە سێ لیژنەمان لە پەرلەمان پێك هێناوە و بڕیارە سەردانی ئەو پارێزگایانە بكەین كە خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش پارێزگاكانی ناسریە و بەسرا و نەجەفن و ئەمڕۆش لیژنەكەی ئێمە سەردانی خۆپیشاندەران دەكات".

هەركی گوتیشی: "دەمانەوێت بەدواداچوون بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەزگا ئەمنییەكان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەن و هۆكاری توندوتیژی و كوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران چییە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، هەندێك بەرپرس فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و هەندێكیش لە بەرپرسە ئەمنییەكان دەستگیر كراون.

 

بڵند ئیبراهیم