دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا لە پێودانگەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم (UAEA) لای نەداوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە کە محەمەد ئیسلامی دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت لە تاران بۆ میدیاکاران دواوە و گوتوویەتی: "هەماهەنگیی ئێمە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم بەردەوامە. بەپێی راپۆرتەکانی دامەزراوەکانی ئاژانسەکە ئێران لە میانی چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا لە پێودانگەکان لای نەداوە".
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە سەردانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی بۆ ئێران لە رۆژەڤدایە، گوتی: "هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی و گوشاری دەروونی خستنە سەر ئێران ئەنجامی نەبوو".
دوێنێ رافایێل ماریانۆ گرۆسسی رایگەیاند: "ناتوانین بڵێین رێککەوتنی ئەتۆمی مردووە، بەڵام ئێستا وەک کولەکەیەکی ناو بەتاڵ وایە. هیچ ماددەیەکی رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت. چەندین جار ماددەکان پێشێل کراون. بە نزیکەیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی لەسەدا ٦٠دایە ئەم رێژەیەیش پێویستە بۆ چەکی ئەتۆمی".