هێزەکانی سەربە بنکەی پۆلیسی چوارچرا لە شاری سلێمانی، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بە فێڵ پارەیان لە هاووڵاتییەک وەرگرتبوو.
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەب لە بنکەی پۆلیسی چوارچرا سکاڵای یاسایی تۆمارکرد بههۆی ئهوهی دوو کەس بە بیانووی کارئاسانیکردن بۆی لەبنکەی پۆلیس، بڕی هەزار و ٥٠٠ دۆلاریان لێوەرگرتووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە دەبێت بڕی پێنج هەزار دۆلاری دیکەیان پێ بدات.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، توانرا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن و لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەستبگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە بە فێڵ لە هاووڵاتییەکەیان وەرگرتبوو.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٣١٢ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.