هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە درێژە بە قەدەغەی هاتوچۆ بدەن لە ١ی مانگی ٤ـەوە تا ١٠ی مانگی چوار کاتژمێر ١٢ی شەوی ١١ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، (٣١-٣-٢٠٢٠)، ڕێبەر ئەحمەد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 'بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ باشترین ڕێکار و هۆکاری ڕیگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ئەمەش لەسەر زاری وەزارەتی تەندروستی و ئێمەش هەنگاوی پێویستمان گرتە بەر."
گوتیشی: 'ئەم قەدەغەیە سنوورەکان و فڕۆکخانەکانیش دەگرێتەوە و جووڵەی بازرگانی بە هەمان میکانیزمی پێشوو بەردەوام دەبێت و کەس ناتوانێت داخڵی هەرێمی کوردستان بێت بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ."
وەزیرێ ناوخۆ ئاماژەی دا: "ئێمە دەزانین هەندێک خەڵک بژێوی ڕۆژانەیان هەیە، پەیامیان گەیشتووە و سەرۆکی حکوومەت بەداواداچوونی بۆ دەکات، ئێمە داوامان لە ئیدارەکانمان کردووە، هاوکارییان بکەن".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: 'ئاڵوگۆڕی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس و زیرەڤانی و پاراستن و فریاکەوتن ڕێگەپێدراوە، بەڵام هەر ئاڵوگۆڕێک لە نێوان سنووری پاریزگای خۆی ڕێگەپێدراوە بە مەرجێک لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکە و قایمقامەکە و قەزا و ناحیەکە بە شێوەیەکی مەرکەزی ئاڵۆگۆڕیان پێ بکرێت، دەبێ بە ئاگاداریی ژووری ئۆپەراسیۆن بێت و دەبێ بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بێت."
کــاروان بــــاعەدری