پۆڵەندا و کەنەدا بەشداری دەکەن لە دابینکردنی تانکی شەڕکەر بۆ کیێڤ

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کەنەدا و پۆڵەندا به‌ فه‌رمی نیازی خۆیان بۆ دابینکردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

کەنەدا و پۆڵەندا ڕۆژی پێنجشەممە نیازی خۆیان بۆ دابینکردنی تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە لە دابینکردنی تانکی قورس بۆ کیێڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا.

ئانیتا ئاناند وەزیری بەرگری کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە چه‌ند تانکی لیۆپارد بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.

هه‌روه‌ها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، تانکەکانی لیۆپاردی ئەڵمانی ئامادەن و ڕادەستی ئۆکرانیایان دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی تاوتوێی پلانەکانی کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا.

له‌لای خویه‌وه‌ دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین، دابینکردنی تانکی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی لە ململانێکەدا زانی، هەروەها به‌ بەڵگەی تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و زیادبوونی ئەمەریکا و ئەوروپا لەم شەڕەدا باس كرد.

پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ هیچ نیازێکی نییە دۆخی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی ئۆکرانیا بگۆڕێت، دوای ناردنی تانک بۆ کیێڤ.