لە كۆبونەوە پارتی و یەکێتیدا بڕیاردرا لە نزیک کاتدا کۆببنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌كێتیی نشتمانیی کوردستان كۆتاییهات و به‌گوێره‌ی ئەو راگه‌یه‌ندراوە هاوبه‌شەی کە دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوکراوەتەوە، هەردوولا رێککەوتوون لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت.

ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند، راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووه‌: "بەمەبەستی گفتوگۆکردنی راشکاوانە لەسەر کۆی ئە بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و هەڵوێستەکان لەسەر چەندین بابەتی هەنووکەیی، شاندی باڵای هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی ئەمڕۆ ٢٨-١-٢٠٢٣ کۆبوونەوە".

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راو سەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێکەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانە ڕوو.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو کە هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت.

بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و ئەندامییەتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، عەلی حوسێن و پشتیوان سادق و هێمن هەورامی، هەروەها ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، جەعفەر ئیمێنکی و ئومێد سەباح بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتنە شاری سلێمانی.

شاندەکەی پارتی لەلایەن شاندی یه‌كێتیی به‌ سه‌رۆكایه‌تی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند و ئەمین بابە شێخ و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، دارا رەشید پێشوازییان لێکرا.