ئێران: رێگه‌ ناده‌ین وڵاتانی سێیه‌م زیان به‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان بگه‌یه‌نێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سه‌ردانی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌ربایجانی له‌تاران كرد كه‌ له‌هێرشی سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌ برینداربوون وله‌نه‌خۆشخانه‌ی شوهه‌دای ته‌جریش چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.

له‌پاش به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی برینداره‌كان، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئازه‌ربایجان له‌تاران، عه‌لی عه‌لیزاده‌ وبه‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌، شه‌هنام عاله‌مداری له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كه‌ ده‌ربڕی ورایگه‌یاند: كار ده‌كه‌ن بۆ ناردنی ته‌رمی ئه‌و كارمه‌نده‌ی له‌و هێرشه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا بۆ ئازه‌ربایجان وهیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ی بۆ برینداران خواست.

باسی له‌وه‌ كرد: سه‌ركۆماری وڵاته‌كه‌ی، ئیبراهیم ره‌ئیسی فه‌رمانی داوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌رووداوه‌كه‌ بكرێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ ولێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

عه‌بدوڵڵاهیان راشیگه‌یاند: پرۆسه‌ی دادگاییكردنی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ وگوتى: كاری پێویست ده‌كرێت بۆ به‌سزا گه‌یاندنی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌، نابێت رێگه‌ بده‌ین به‌بیانووی ئه‌م هێرشه‌وه‌ وڵاتانی سێیه‌م زیان به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات بگه‌یه‌نن.

لای خۆیه‌وه‌، باڵیۆزی ئازه‌ربایجان له‌تاران، عه‌لی عه‌لیزاده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: له‌و هێرشه‌ی كرایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌یان كارمه‌ندێكیان گیانی له‌ده‌ستداوه‌ ودوو كارمه‌ندی دیكه‌شیان برینداربوون. هه‌روه‌ها عه‌لیزاده‌ هێرشه‌كه‌ی به‌كرده‌یه‌كی تیرۆریستی ناوزه‌د كرد وگوتى: ئه‌مه‌ كرده‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ وئه‌م هێرشه‌ وه‌ك كارێك ده‌بینین كه‌به‌مه‌به‌ستی زیانگه‌یاندن به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی ئازه‌ربایجان-ئێران ئه‌نجامدراوه‌، چاوه‌ڕوانین ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ به‌سزای ره‌وا بگه‌ن.