ئیسرائیل له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 400 فه‌ڵه‌ستینی ده‌ستگیركردووه‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

كۆمه‌ڵه‌ی به‌ندكراوانی فه‌ڵه‌ستین رایگه‌یاند: هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 400 فه‌ڵه‌ستینیان له‌قودس وكه‌ناری رۆژئاوا ده‌ستگیركردووه‌.

له‌راگه‌یاندراوێكدا، كۆمه‌ڵه‌ی به‌ندكراوانی فه‌ڵه‌ستین بڵاویانكردۆته‌وه‌: هێزه‌كانی ئیسرائیل په‌یوه‌ندیدار به‌و هێرشه‌ی كه‌بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی حه‌وت كه‌س له‌رۆژهه‌ڵاتی قودس، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 45 فه‌ڵه‌ستینی له‌شاره‌ جیاوازه‌كانی كه‌ناری رۆژئاوا وقودس ده‌ستگیركردووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: ئیسرائیل به‌مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردنی هه‌ر رووداوێكی گرژیی، ژماره‌ی ده‌ستگیركراوان وده‌ستبه‌سه‌ركراوان زیاد ده‌كات وئاشكرایكرد: سوپای داگیركه‌ر، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 400 فه‌ڵه‌ستینی له‌قودس وكه‌ناری رۆژئاوا ده‌ستگیركردووه‌.

به‌هۆی هێرشێكی چه‌كداری له‌شه‌وی هه‌ینی رابردوو بۆسه‌ر یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێی نایاسایی جووله‌كه‌كان له‌رۆژهه‌ڵاتی قودسی داگیركراو، حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا وسێ كه‌سیش برینداربوون.

له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، له‌كه‌ناری خۆرئاوای داگیركراو له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، گرژییه‌كان زیادیان كرد و ژماره‌ی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینییانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ رووی له‌هه‌ڵكشان كردووه‌ وله‌سه‌ره‌تایى ساڵه‌وه‌ تا ئێستا ئیسرائیل زیاتر له‌ 30 هاوڵاتى فه‌ڵه‌ستینیان شه‌هید كردوه‌ كه‌ژن ومنداڵیشیان له‌نێودا بووه‌.