دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە ١٢ رۆژە، ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق راگیراوە و ئاماژەی بەوەیشدا کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزار و ٥٠٠ میگاوات کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ماوەی ١٢ رۆژە، ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز، بەپێی ئەوەی لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، راگیراوە.
راشیگەیاندووە کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزار و ٥٠٠ میگاوات کەمبووەتەوە کە ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروست کردووە.
باسی لەوەش کردووە کە وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دابین بکات، تا بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە پێ قەرەبوو بکرێتەوە".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەناردەکردنی غاز لە رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق راگیراوە.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.