له‌ چین گیانله‌ده‌ستدانی په‌یوه‌ست به‌ كۆرۆنا له‌ پشووه‌كانی جه‌ژنی به‌هاردا دابه‌زیوه‌

دوا نوێکردنەوە: 2023-01-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ پشووه‌كانی سه‌ری ساڵی نوێدا به‌ پێی رۆژژمێری مانگ له‌ چین، به‌ جەژنی بەهار ناسراوه‌ و حه‌وت رۆژی خایاند، گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی كۆرۆناوه‌ کەمبووەتەوە.

لە راگەیەندراوێكدا كه‌ ناوه‌ندی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژە بەوەکراوە، لە نێوان رۆژانی ٢٠-٢٦ی كانوونی دووه‌مدا، شه‌ش هەزار و ٣٦٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، ٢٨٩ نەخۆش بەهۆی سستبوونی کۆئەندامی هەناسەدانەوە، له‌ ئه‌نجامی تووشبوون به‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها شه‌ش هەزار و ٧٥ نەخۆش بەهۆی حاڵه‌ته‌كانی پەیوەست بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان گیانیان لەدەستداوە کە له‌ ئه‌نجامی تووشبوون به‌ ڤایرۆسەكه‌ توندتر بووە.

لە کاتێکدا ژمارەی گیانله‌ده‌ستدان بۆ نزیكه‌ی نیوە کەمیکردووە بەراورد بە هەفتەی ١٣-١٩ی كانوونی دووه‌م، کە ١٢ هەزار و ٦٥٨ حاڵەتی گیانله‌ده‌ستدان تۆمارکراون. به‌و ژماره‌ نوێیانه‌ی كه‌ راگه‌یه‌ندراون له‌ ٧ی کانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢ه‌وه‌ كه‌ رێوشوێنەکانی كۆرۆنا هه‌ڵگیراون، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان بۆ ٧٨ هەزار و ٩٦٠ کەس زیادیکردووه‌.

لە کاتێکدا ٢١٥ هەزار و ٩٥٨ تووشبووی كۆرۆنا کە ٢٦ هەزار و ١٥٦یان به‌ توندی نه‌خۆشییه‌كه‌یان گرتووه‌، هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن، ژمارەی تووشبووان بەراورد بە هەفتەی پێشوو بۆ نیوە کەمیکردووە.

بەپێی ئەو داتایانەی کە لەم هەفتەیەدا ناوه‌ندی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌، له‌ماوه‌ی مانگی رابردوودا دوای ئه‌وه‌ی رێكاره‌كان شلكراونه‌ته‌وه‌، ژمارەی نەخۆش و حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان بەهۆی ڤایرۆسەكه‌وە رووی له‌ دابه‌زین كردووه‌.