دیجیتال میدیای سپێده
کەشتییەکانی چین، سنوورە نیشتمانییە ئاوییەکانی ژاپۆنیان لە بەری دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێ ناکۆکە لە دەریایی رۆژهەڵاتی چین، بەزاند.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای ناوچەی یازدەهەمینی ئاسایشی کەناردەریا لە قەزای ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، چوار کەشتی سەربە ئاسایشی کەناراوەکانی چین، سنوورە نیشتمانییە ئاوییەکانی ژاپۆنیان بەزاندووە.
کەشتییەکانی چین کە تا نزیک دوورگەکانی مینامیکۆژیما و ئۆستوری لە ناوچەی دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێ ناکۆکە چوون و لە کەشتی راوچیانی ماسی نزیک بوونەتەوە.
دوا بە دوای بەزاندنی سنوورەکە، هێزەکانی ئاسایشی کەناردەریای ژاپۆن رەوانەی ناوچەکە کراون و کەشتییەکانی چینی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.
کەشتییەکانی چین لە ١٠ی کانوونی دووەمیشدا، سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆنیان بەزاندبوو.
- دوورگە جێ ناکۆکەکان
دوورگە جێ ناکۆکەکان لە دەریای چینی رۆژهەڵات کە ژاپۆن بە "سینکاکو" و چینیش بە "دیائۆیو" ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون.
لە کاتێکدا کەس لەو زنجیرە دوورگانەدا ناژی، لەمێژە کێشە لەسەر سەروەرێتیان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروست بووە.