دیجیتاڵ میدیای سپێده
نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە، ٨٠ ملیون دۆڵار لەو پارانەی کە بە قاچاغ براوەتە دەرەوە بگەڕێننەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
لەمبارەیەوە نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و تیایدا ھاتووە "لەچوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ گەراندنەوەی ئەو پارانەی عێراق کە بەقاچاغ براوەتە دەرەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە ٨٠ ملیون دۆڵار لە پارەی دزراوەکان لە دەرەوە، بگەڕێننەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت".
لە راگەیەندراوەکەدا، زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
پێشتر لە ٢٧ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندبوو، بەشێکیان لەو ٢،٥ ملیار دۆلارە گەڕاندووەتەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە بانکێکی حکوومەت دزراوە و ئاشکرای کردبوو "لیژنە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوە لە پارە دزراوەکانی دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەین، ١٨٢ ملیار دینار (١٢٤ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلار) بگێرنەوە کە دزرابوو".
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە ژمارەیەک بەرپرس لە دزینی پارەکەدا ھاوکار بوون.
ھاوکات لە ١١ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا رایگەیاندبوو لە ئەنجامی بەدوداچوون و ھەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کە دزراون بەتایبەتی پارەکانی دەستەی گشتیی باج کە بە دزینی سەدە ناوزەد دەکرێت، تێکڕای ئەو پارانەی کە تا ئێستا گەڕێندراونەتەوە، ٣١٧ ملیار و ٥٣٥ ملیۆن و ٥٣٦ ھەزار و ٥٢٥ دینارە.
رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، ئێسحان عەبدولجەبار لە تویتێکدا رایگەیاندبوو، کاتێک وەزیری دارایی بووە بەوەکالەت، ئەوەی بۆ روونبووەتەوە کە پێشتر دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا دزراوە و ئاشکراشی کردبوو کە لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو دۆسیەی ئەنجامداوە و ئەنجامەکەیشی پێشکەش بە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.