عێراق: "لەبارەی سیاسەتی نەوت لەگەڵ سعوودیە ھەماھەنگییمان ھەیە"

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە وڵاتەکەی لەبارەی سیاسەتی نەوتدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی سعوودیە لەچوارچێوەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا، ھەماھەنگی ھەیە.

فەیسەڵ بن فرحان لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشییان ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ بەغدا، بە سەردانێکی گرنگ لە قەڵەم دا و گوتی: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ سعوودیە لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق لەبارەی سیاسەتی نەوتدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی سعوودیە لەچوارچێوەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا، ھەماھەنگی ھەیە.

باسی لەوەش کرد کە عێراق و سعوودیە ھەوڵدەدەن ھاریکارییەکانیان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرھێناندا، پتەوتر بکەن و گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە، دەڕاونێننە ئەوەی لەڕێگای تۆڕی سعوودیە یان کەنداوەوە کارەبا بۆ عێراق دابین بکرێت".

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە ھاریکارییەکانی عێراق و سعوودیە لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەردا، بەردەوامە و گوتی: "لەگەڵ سعوودیە کار دەکەین لە پیناو کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە، سعوودیە رۆڵێکی گرنگ لەوبارەیەوە دەگێرێت".

فوئاد حوسێن جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە سعوودیە دووپاتی کردووەتەوە، کۆمپانیا سعوودییەکان ئامادەن بۆ کاری وەبەرھێنان، روو لە عێراق بکەن.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فرحان جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و رایگەیاند کە سعوودیە پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ پتەترکردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی.

ئاماژەی بەوەیشدا کە ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی ئەرێنی، روو لە گەشەکردنە و گوتی: "عێراق رۆڵێکی سەرەکییی و گرنگ لە سەقامگیریی ناوچەکە دەگێرێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان گەیشتە بەغدا.