له‌ خۆپیشاندانه‌كانی رۆژئاوای ئێراندا پێنج كه‌س برینداربوون

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

شه‌وى رابردوو جارێكى دیكه‌ خۆپیشاندان له‌ شاری ئاودانان سه‌ربه‌ پارێزگای ئیلام له‌ رۆژئاوای ئێران ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و به‌هۆى دروستبوونى گرژى له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پێنج كه‌س برینداربوون و 10 خۆپیشانده‌ریش ده‌ستگیركراون.

ئاژانسی هه‌واڵیی ته‌سنیمى نیمچه‌فه‌رمی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، شه‌وی رابردوو كۆمه‌ڵێك خۆپیشانده‌ر له‌ گۆڕه‌پانی به‌سیج له‌ شاری ئاودانان خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجام داوه‌ و داوای ئازادكردنی خۆپیشانده‌رانی ده‌ستبه‌سه‌ركراویان كردووه‌، له‌ میانی خۆپیشاندانه‌كاندا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستوه‌ردانیان دژبه‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌ كه‌ دروشمیان دژبه‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌گوته‌وه‌، به‌م هۆشه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، پێنج كه‌س برینداربوون و 10 كه‌سیش ده‌ستگیركران.

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌هه‌مبه‌ر سه‌پاندنی سزای زیندانیكردن به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رێك به‌ ناوی ئایه‌ت عارفینییه‌ و ده‌ستگیركردنی سه‌ججادی مورادیڤه‌ندی كه‌ ده‌گوترێت یه‌كێكه‌ بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشڕه‌ویی خۆپیشانده‌رانی چه‌ند مانگى رابووى كردووه‌ و رێكخه‌ر بووه‌.