هێزەکانی ئیسرائیل لە مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ پێشێلکارییان بەرامبەر فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە مانگی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل، سێ هەزار و ٥٣٢ پێشێلکارییان بەرامبەر فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە و لە ئاکامدا ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەشتیان منداڵ بوون، بەم شێوەیەش مانگی رابردوو، خوێناویترین مانگی هەشت ساڵی رابردوو بووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی "ناوەندی زانیاری فەڵەستین" کە رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی فەڵەستینییە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان لە کەناری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو، لە مانگی رابردوودا هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە.

تەنها لە مانگی رابردوودا و لە ئەنجامی پێشێلکارییەکاندا ٣٥ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە هەشتیان منداڵ و یەکێکیان ژنێکی بەتەمەن بووە، ٣٤٢ فەڵەستینی دیکەش بریندار بوون، هەروەها ٥٦٨ فەلەستینیش بەند کراون.

بەم شێوەیەش هێزەکانی ئیسرائیل و جووە هاوردەکان تەنها لە کانوونی دووەمدا سێ هەزار و ٥٣٢ پێشێلکارییان بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە.

لە کاتێکدا کارەکانی دروستکردنی ١٧ کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بەردەوامن، ٣١٩ هێرش کراوەتە سەر فەلەستینییەکان و ٤٠ خانووی فەڵەستینییەکانیش لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە سووتێندراون هەروەها هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ١٥٤ ماڵ.

هێزەکانی ئیسرائیل و جوولەکە هاوردەکان، ٢٩٠ موڵکی تایبەت بە فەڵەستینییەکانیان رووخاندووە کە لە نێویاندا شوێنی بازرگانی و کشتوکاڵیش هەبوون، دەستیشیان بەسەر ٤٠ لەو شوێنانەدا گرتووە.

لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمدا، ٢٩ هێرشیش کراوەتە سەر شوێنە پیرۆزەکان، ٣٨ رێگا و ناوچەش بە رووی هاتوچۆدا داخراون، هەروەها ٥١١ بەربەستی جێگیر و کاتی لە قودس و کەناری رۆژئاوا، داندراون.

زۆرترین پێشێلکاریش بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان لە نابلوس ئەنجامدراوە کە ٨٩٤ پێشێلکاری بووە، بەدوای ئەویش قودس بە ٤٦٢ پێشێلکاری لە پلەی دووەم و رامەڵڵا بە ٤٣٨ پێشێلکاری لە پلەی سێیەم دێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا وەک خوێناویترین مانگ تۆمار کراوە.