بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێکی دژ بە ئایین ماڵپەڕی ویکیپێدیا لە پاکستان قەدەغە کرا

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی پاکستان (PTA) ماڵپەڕی ویکیپێدیای قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک کە تیایاندا بێڕێزی بە بەها ئایینییەکان کراوە.

ئەو هەواڵانەی کە لە راگەیاندە خۆجێیەکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە باس لەوە کراوە کە ئەو مۆڵەتە ٤٨ کاتژمێرییەی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی پاکستان دابوویە ماڵپەڕی ویکیپێدیا بۆ سڕینەوەی ئەو بابەتانە، کۆتایی هاتووە.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتییەکە، مەلاهات عوبەید، قەدەغەکردنی ماڵپەڕی ویکیپێدیای لە پاکستان راگەیاند و ئاشکرای کرد کە بەهۆی لانەبردنی ئەو بابەتانەی تیایاندا بێڕێزی بە بەها ئایینییەکان کراوە، ئەو بڕیارەیان داوە

عوبەید جەختی لەوەش کردەوە ئەگەر ویکیپێدیا ئەو بابەتانە بسڕێتەوە، ئەگەر هەیە چاو بە بڕیاری قەدەغە کردنەکەدا بخشێننەوە.

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی پاکستان لە یەکی شوباتدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایادا ئەوەی خستەڕوو کە بەهۆی لانەبردنی ئەو بابەتانەی تیایاندا بێڕێزی بە بەها ئایینییەکان کراوە، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر ماڵپەڕەکە لە پاکستان خاودەکرێتەوە، ئەگەر دوای ئەو ٤٨ کاتژمێرەش ئەو بابەتانە نەسڕدرێنەوە ئەوا ماڵپەڕەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە پاکستان قەدەغە دەکرێت.