توركیا.. بومه‌له‌رزه‌یه‌كى به‌هێز به‌پله‌ى 7.4 روویداو وقوربانیشى لێكه‌وتووته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دره‌نگانى شه‌وى رابردوو، دانیشتوانانى توركیا له‌گه‌ڵ روودانى بومه‌له‌رزه‌یه‌كى به‌هێز به‌خه‌به‌رهاتن وبه‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى قوربانى گیانى لێكه‌وتووته‌وه‌ و زیانێكى زۆریشى به‌هاوڵاتیان گه‌یاندوه‌.

له‌توركیا بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ 7.4 بۆ 7.7 پله‌ى پێوه‌رى رێخته‌ر روویداوه‌ وكاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى دروستكردوه‌ له‌ژماره‌ى قوربانیان و زیانه‌ گیانى وماددییه‌كان دا.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ویلایه‌تى قه‌هره‌مان مه‌ره‌ش له‌كاتژمێر 4:17 خوله‌ك له‌قۆلایى 7 كیلۆمه‌تر له‌ژێر زه‌وى رووییداوه‌ وله‌غازى عه‌نتاب هێزه‌كه‌ى كه‌متربووه‌ وگه‌یشتووه‌ته‌ 6.4 پله‌. بومه‌له‌رزه‌كه‌ بۆته‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى 77 كه‌س وبریندار بوونى 440 كه‌سى دیكه‌ وسه‌دان خانوو وبیناى هاوڵاتیان رووخاون.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ زیاتر ناوچه‌ كوردییه‌كانى باكورى كوردستانى له‌توركیا گرتووته‌وه‌ ولایخۆیه‌وه‌، سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیرى ناوخۆى توركیا رایگه‌یاند: لانی كه‌م پێنج پاشله‌رزه‌ به‌گوڕی زیاتر له‌شه‌ش پله‌ روویانداوه‌، به‌هێزترینیان 6،6 پله‌ بووه‌.

سۆیلو گوتیشى: بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر پارێزگاكانی عه‌نتاب، عوسمانیه‌، ماڵاتیا، ئادیامان، ئادانا، دیاربه‌كرد، كیلیس وئورفا و رایگه‌یاند: كاری له‌پێشینه‌مان رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر داروپه‌ردووی رووخاو.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌سوریا ومیسر ولوبنان، وعێراق به‌پله‌ى جیاواز روویداوه‌ وله‌سوریا زۆرترین زیانى هه‌بوه‌ وله‌پارێزگاى دهۆك له‌هه‌رێمى كوردستانیش هه‌ستى پێكراوه‌ وبه‌شێك له‌هاوڵاتیان شه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كردۆته‌وه‌.