بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی رایگەیاند سوپای ئەمریکا "تەنێکی نەناسراوی لە بەرزاییەکی زۆر" لەسەر ئاسمانی ئالاسکا خستووەتە خوارەوە.
جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا رایگهیاند: "وەزارەتی بەرگریی (پێنتاگۆن)، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە بەرزاییەکی زۆردا لەسەر ئاسمانی ئالاسکا چاودێری تەنێکی کردووە و دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە تەنەکە لە بەرزایی ٤٠ هەزار پێدا دەفڕی و بەشێوەیەکی دیار مەترسی بۆ سەر فڕۆکەوانی مەدەنی دروست دەکرد. لەسەر پێشنیازی پێنتاگۆن، سەرۆک بایدن وەکو خۆپارێزی فەرمانی خستنە خوارەوەی تەنەکەی بە سوپا کرد و ئەوانیش فەرمانەکەیان جێبەجێیان کرد".
کێربی ئاماژەی بەوەش کرد لەلایەن فڕۆکەکانی سەربە فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریکاوە لە تەنەکە دراوە و خراوەتە خوارەوە و کەوتووەتە نێو سنوورە ئاوییەکانی ئەمریکاوە، باسی لەوەش کرد تەنەکە لەو باڵۆنە چینییە بچووکتر بووە کە لە ٤ی شوباتدا لە کەناراوەکانی کارۆڵاینای باشوور خرایە خوارەوە و بارەکەشی زۆر گرنگ نەبووە.
- قەیرانی "بالۆنی سیخوڕی"
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ٣ی شوباتدا رایگەیاندبوو باڵۆنێکی هەواڵگرییان لە بەرزاییەکی زۆر دەستنیشانکردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت سەربە وڵاتی چین بێت، بهسهر ئەمریکادا دەفڕێت و لە ویلایەتی مۆنتانا بەسەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی هەستیاردا تێپەڕیوە کە عەمباری کڵاوی ئەتۆمی و مووشەکی دوور مەودای لێبووە.
لای خۆیەوە چین بانگەشەی ئەوەی کرد کە باڵۆنەکە ئامڕازێکی فڕینی مەدەنیی وڵاتەکە بووە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی کەشناسی بەکارهێنراوە و بەهۆی ئەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی سنوورداربووە لەگەڵ کاریگەری بادا لە کایەی خۆی دەرچووە و بەهەڵە چووەتە ناو کایەی ئاسمانیی ئەمریکاوە.
روونکردنەوەکەی چین نەبووە جێی باوەڕی ئەمریکا، هەربۆیە لە ٤ی شوباتدا لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باڵۆنەکە لەسەر زەریای ئەتڵەسی لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.