ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا گەیشتە پێنج هەزار و 189 کەس

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-11 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی سوریا کردووە، بەو پێیەی تا ئێستا 5189 کەس کوژراون، هەروەها هەزارانی دیکەش برینداربوون. کوژراوەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن: 2049 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم. 3 هەزار و 140 کەس لەو ناوچانەی کە لەلایەن “حکومەتی ڕزگاری” و “حکومەتی کاتی سوریا”ەوە کۆنتڕۆڵکراون. کۆی گشتی کوژراوان ئەو قوربانیانە ناگرێتەوە کە کەسوکاریان دوای ماوەیەکی کەم لە بوومەلەرزەکە، تەنانەت پێش هاتنی تیمەکانی فریاگوزاریش بەخاکیان سپاردوون، هەروەها 975 سوری کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە خاکی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان گواستراونەتەوە بۆ سوریا. بەپێی دوایین پێشهاتەکان، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو سورییانەی بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە گیانیان لەدەستداوە، حەوت هەزار کەس تێپەڕێنێت، بەتایبەتی کە سەدان کەسی بێسەروشوێن لەژێر داروپەردوودا هەن. سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستیان کردەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری نەیانتوانیوە بگەنە چەند گوند و شارۆچکەیەک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "حکومەتی ڕزگاری" و "حکومەتی کاتی سوریا"، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوای ڕزگاربووان لە چەند ناوچەیەک وەستاوە، هاوکاتی لەدەستدانی هیوا بۆ دۆزینەوەی کەسانی تر کە ڕەنگە دوای زیاتر لە پێنج ڕۆژ لە کارەساتەکە هێشتا زیندووبن. سەرچاوە/ ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ