لە سووریا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیا زیاد دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

بوومەلەرزەکانی تورکیا کە لە پارێزگای قەهرەمانمەڕەش روویان دا و ١٠ پارێزگای تورکیایان گرتەوە و بە "کارەساتی سەدە" ناسرا، کاریگەری وێرانکەریان لە سووریاش هەبوو و تا ئێستا سێ هەزار و ٥٧٤ کەس لە سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

پارێزگاکانی ئیدلب، حەلەب، حەما، لازقییە و تەرتوس کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزە بەهێزەکانی رۆژی شەشی شوبات، تا ئێستاش هەوڵەکانی تیمە فریاگوزارییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی بیناکاندا گیریان خواردووە، بەردەوامن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێرانی مەیدانیی ئاژانسی ئانادۆڵو لە تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرگریی شارستانی (کڵاو سپییەکان)، دامەزراوە تەندروستییە خۆجێیەکان و سەرچاوە خۆجێیەکانەوە بەدەستیان گەیشتوون؛ لە ئیدلب، ناوچەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و ناوچەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون لانیکەم دوو هەزار و ١٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٩٥٠ی دیکەیش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵیی سانا سەربە رژێمی ئەسەد بڵاوی کردەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی رژێمدان لە هەریەک لە پارێزگاکانی حەلەب، حەما، لازقییە و تەرسوس هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٣٤١ی دیکەیش برینداربوون. بەم شێوەیەش ژمارەی گیانلەدەستدان لە سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیا بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار و ٥٧٤ کەس.

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری سووریا، زۆرێک لە باڵەخانەکان داڕووخان یان زیانیان پێگەیشتووە.

ئەندامانی سوپای نیشتمانیی سووریاش بەشداری لە کارەکانی گەڕان و رزگاکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن.

بریندارەکان لە بنکە تەندروستییەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت، هەزاران کەس لە رزگاربووانی بوومەلەرزەکە کە ماڵەکانیان وێران بووە یان زیانیان پێگەیشتووە، شەو لە شەقامەکان و مزگەوتەکان یان لەژێر خیوەتەکان دەمێننەوە.

- لە ئاسمانەوە وێنەی شارۆچکەی جەندریس تۆمار کرا

کاولکارییەکانی شارۆچکەی جەندریس لە عەفرین باکووری سووریا کە یەکێکە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لە ئاسمانەوە لەلایەن تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە وێنەی گیرا.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەرگریی شارستانی لە میانی هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردندا، تەرمی زیاتر لە ٥٠٠ کەس دۆزراوەتەوە، سەدان برینداریش دەرهێنراون.