د. سامان: قەدەغەكردنی هاتووچۆ هاوکارمان دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر كۆرۆنا دا

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی نەخۆشیی كۆرۆنا بكرێت و دەشڵێ، درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، لە قازانجی هاووڵاتیاندایە.

د. سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 10رۆژی دیكە، لە قازانجی هاووڵاتیاندایە و سوودی زۆریشی بۆ ئێمە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین كۆنتڕۆڵی نەخۆشیی كرۆنا لە هەرێمی كوردستان بكەین".

بەرزنجی گوتیشی: "درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ بۆ ئێمە زۆر باشە و هاوكاری زۆرباشمان دەكات بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ بین و كۆنتڕۆڵی بكەین".

باسی لەوەش كرد: "رۆژانە پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە گومانیان لێ دەكرێت و بە شێوەیەكی گشتیش رۆژانە پشكنین بۆ 700كەس لە هەرێمی كوردستان  ئەنجام دەدەین".

دەشڵێ، ئەوانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە، كەرەنتین كراون و ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەشن دۆخیان زۆر باش و جێگرە.

 

بڵند ئیبراهیم