وەزیری هەرێم: كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە و نموونەیەكی جوانە لە ناوچەكە

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان گوتی: "ستایشی هەڵوێستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە باسی لەوە كردووە، هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە، چونكە لەم كابینەیەدا هەرچی داواكارییەكمان لە حكوومەت كردبێت بۆ پێكهاتەكان، جێبەجێی كردووە، بۆیە هەرێم لە ڕووی پێكەوەژیانەوە نموونەیەكە بۆ عێراق و ناوچەكەش".

ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەڵوێستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە باس لەوە دەكات هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە، جێگەی ستایشە و سوپاسیان دەكەین، چونكە گرنگیی زۆر بە پێكهاتەكان دراوە و وەزارەتێكی تایبەتیش بە پێكهاتەكان دانراوە، بۆ ئەوەی داواكاریی پێكهاتەكان بگەیەندرێتە حكوومەت تا حكوومەتیش جێبەجێیان بكات، ئێمەش بەردەوام لەسەر خەتین هەر پێكهاتەیەك داواكارییەكی هەبێت، بۆ حكوومەت بەرزی دەكەینەوە".

مەعرووف گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر داواكارییەكمان كردبێت وەڵامی ئەرێنی بووە بۆ داواكاریی پێكهاتەكان و جێبەجێی كردووە، ئەمەش قسەی سەرۆكی حكوومەت پشتڕاست دەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا پێكهاتەكان هاوشێوەی پێكهاتەكانی دیكە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و یاسادانان، ئەمەش بووەتە نموونەیەكی جوان بۆ عێراق و ناوچەكە و هیوادارین ئەوانیش چاو لە هەرێمی كوردستان بكەن".

دەشڵێ: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆر بە داواكاریی پێكهاتەكان دەدات و ئێمەش پشتگیریی زۆریان لێ دەكەین و بووینە پردی پەیوەندی لە نێوان پێكهاتەكان و حكوومەتی هەرێمدا و، حكوومەتیش پشتگیریی تەواوی پێكهاتەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان".

 

بڵند ئیبراهیم