دیجیتال میدیای سپێده
ئەو منداڵە فەڵەستینییەی لە میانی هەڵکوتانە سەر کەناری رۆژئاوای داگیرکراو لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، بریندار بووبوو گیانی لەدەست دا.
بەرپرسی مانگی سووری فەڵەستینی، عەدنان غانیمی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپی پەنابەرانی ئەل فاریعە باشووری شاری توباس دوو فەڵەستینی برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
غانیمی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو بریندارەی گولـلە بەر سەری کەوتووە، بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی رافیدییە لە نابلوس و گوتی: "فەڵەستینییەکەی دیکە کە لە رێگای بەکارهێنانی سەگەوە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هەردوو قاچەکانی برینداربوون، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی توباس".
لای خۆیشیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند کە لە ئاکامی هەڵکوتانەسەرەکەدا، مەحمود ماجید محەمەد ئەلعایدی تەمەن ١٧ ساڵ کە بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە سەری بە سەختی بریندار بووبوو، گیانی لەدەستداوە.
چالاکوانی فەڵەستینی، خالید مەنسور کە دانیشتووی کەمپەکەیە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە مەبەستی دەستگیرکردنی فەڵەستینییەک، گرژی لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دروست بووە و دواتر ئیسرائیل هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە کردووە.
مەنسور سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ئاکامی رووداوەکەدا، دوو فەڵەستینی برینداربوون و فەڵەستینییەکیش دەستگیر کراوە.