لە ناوچە کارەساتبارەکان زیاتر له‌ 50 هەزار بینا پێویستییان بە رووخاندنی بەپەلە هەیە

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزیری ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی ئاووهه‌وای توركیا، موراد کوروم ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە چوارچێوەی دیاریکردنی زەرەر و زیانی بوومەلەرزەکاندا، ٣٨٧ هەزار و ٣٤٦ بینا پشکندراون، ئەوەش دیاری کراوە کە ٥٠ هەزار و ٥٧٦ بینا پێویستییان بە رووخاندنی بەپەلە هەیە، هەروەها ٢٧٩ هەزار و ٦٥٥ بیناش دیاری کراون کە زیانی کەم یان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

کوروم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دەربارەی دیارییکردنی زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکان زانیاری خستەڕوو.

ناوبراو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کارەکان لەلایەن حەوت هەزار و ١٠٠ کارمەندەوە ئەنجامدەدرێن و نووسیویەتی: "٣٨٧ هەزار و ٣٤٦ بینا پشکندراون. لەئێستادا ٥٠ هەزار و ٤٧٦ بینا پێویستییان بە رووخاندنی بەپەلە هەیە، هەروەها ٢٧٩ هەزار و ٦٥٥ بیناش دیاری کراون کە زیانی کەم یان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە. ئەو بینایانەی پێویستییان بە رووخاندن هەیە بەخێرایی دەیانڕوخێنین و لەجێیان بینای تۆکمە و پارێزراو دروست دەکەین".

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارسازیی و گۆڕانی ئاووهه‌وای توركیا، زیاتر لە حەوت هەزار کارمەندی پسپۆڕ کە ٤٠٠ پڕۆفیسۆر و مامۆستای ٢٠ زانکۆیان لەنێودایە، بەردەوامن لە دیاریکردنی زەرەر و زیانەکان.

- تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە یەک ملیۆن و ٨٥٦ هەزار و ٨٦٤ یەکەی نیشتەجێبوونی سەربەخۆ کراوە

وەزارەتی شارسازیی و گۆڕانی ئاووهه‌وای توركیا لە میانی کارەکانی دیارییکردنی زەرەر و زیانەکاندا تا ئێستا لە ٣٨٧ هەزار و ٣٤٦ بینادا لێکۆڵینەوەی لە یەک ملیۆن و ٨٥٦ هەزار و ٨٦٤ یەکەی نیشتەجێبوونی سەربەخۆ کردووە.

لە میانی کارەکاندا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ٢٢٤ هەزار و ٩٢٣ یەکەی نیشتەجێبوونی سەربەخۆ کە لەناو ٥٠ هەزار و ٥٧٦ بینادا بوون بەهۆی داڕووخانیان یان بەرکەوتنی زیانی زۆر، پێویستییان بە رووخاندن هەیە.

هەروەها ٧١ هەزار و ١٧٤ یەکەی نیشتەجێبوونی ناو ١١ هەزار و ١١٤ بینا، بەشێوەی مامناوەند زیانیان بەرکەوتووە، ٦٤٠ هەزار و ١٣١ یەکەی ناو ٩٩ هەزار و ٣٠٠ بینا بەشێوەیەکی کەم زیانیان بەرکەوتووە و ٧٦٢ هەزار و ٦٢٧ یەکەی ناو ١٨٠ هەزار و ٣٥٥ بینا، هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.