هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، پاڵپشتی لە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەركردنی لێبووردنی تایبەت و دەڵێ، لێبووردنەكە ھەنگاوێكی باشە لە ئێستادا و ھەر ئازادكردنێكیش بە مەرج دەبێت.
رۆمیۆ ھەكاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیاری ئازادكردنی سزادراون و راگیراوان لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە، لە كات و شوێنی خۆیدا بووە و دەستخۆشیی لێ دەكەین، پێشتریش ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەیوەندیدا بووینە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان بۆ دیتنەوەی رێگەچارەیەك، بە تایبەتی لە ئێستادا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچەكە بڵاو بووەتەوە، لیژنەی راسپێردراو مەرجەكانی ئازادكردنی سزادراوان دیاری دەكات، چونكە بە بێ مەرج ئازاد ناكرێن".
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "بوونی ژمارەیەكی زۆری سزادراو لەنێو چاكسازییەكان، مەترسییە بۆ بڵابوونەوەی كۆرۆنا، دواتر كارەسات روودەدات، لەبەر ئەوەش ئێمە پشتگیریی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین و ئامادەی ھەموو ھاوكارییەكین".
ھەكاری جەختی كردەوە: "بەپێی زانیاریی ئێمە، لێبووردنی سەرۆكی حكوومەت ھەموو سزادراوێك ناگرێتەوە، چونكە بەشێكیان بە ماددەی قورس سزا دراون وەك ماددەكانی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر و ئەوانەی زیندانیی ھەتا ھەتایین، ئەوانەیشی بەر لێبووردنەكە دەكەون، گەرەنتییان لێ وەردەگیرێت، تا سوود لەو لێبووردەنە وەربگرن و نەگەڕێنەوە سەر ئەنجامدانی تاوان".
قائید میرۆ