دیجیتال میدیای سپێده
محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند: پێویسته له میانی ئه‌مساڵدا، سه‌رژمێری گشتیی له عێراق ئه‌نجام بدرێت.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی له میانی ئه‌مساڵدا، محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای نیشته‌جێبوونی كردووه، راشیگه‌یاندووه كه له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڵگه‌نامه‌ی نیشتمانی بۆ سیاسه‌تی نیشته‌جێبوونی نوێ كه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وزاریی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی پێشكه‌ش كرابوو، په‌سه‌ند كراوه، باسی له‌وه‌ش كردووه كه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختی كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته هه‌وڵه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ له پێناو ئه‌وه‌ی له میانی ئه‌مساڵدا، سه‌رژمێری گشتیی له عێراق ئه‌نجام بدرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌نێوان ساڵانی 1927 تاوه‌كو 1997، حه‌فت سه‌رژمێری گشتی له عێراق ئه‌نجامدراوه، به‌پێی دوایین ئامار كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق بڵاوكرابوویه‌وه، ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق گه‌یشتووه‌ته، 42 ملیۆن و 248 هه‌زار و 883 كه‌س.