سبەی وەزیری تەندروستی و پارێزگای ھەولێر لە سۆران دەبن

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سۆران-KDP.info- بڕیار وایە سبەینێ  لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگای ھەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان، تاقیگەیەكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی نەخۆشیی كۆڤید ١٩ بە ھاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران و زانكۆی سۆران بكرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر پێویست نەكات پشكنینەكان بۆ ھەولێر رەوانە بكرێن.

مینا تەھا، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوام ھەوڵمان داوە بۆ  كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی تەندروستی، بۆ یەكەم جاریش لە دەڤەری سۆران وەك بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران بە ھاوكاریی زانكۆی سۆران، تاقیگەیەكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی پەتای كۆرۆنا دەكرێتەوە".

ناوبراو هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند: "زانكۆی سۆران بە دابینكردنی ئامێرێك ھاوكارمانە، ئامێرەكانی تریش لە لایەن ئێمەوە دابین كراون، ئەمەش كارئاسانییەكی زۆر باش دەبێت بۆ ھاووڵاتیانی سنووری ھەر چوار قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان) و، بەمەش دەتوانین پشكنینی نەخۆشانی  ڤایرۆسەكە لە سۆران ئەنجام بدەین".

 

سیروان سابیر