دیجیتال میدیای سپێده
فەرماندەیی هێزەکانی باکووری ئەمریکا (NORTHCOM) رایگەیاند، پاشماوەی ئەو باڵۆنە چینییەیان لە دەریا دەرهێناوە کە لە چواری شوبات لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خرابووە خوارەوە و بۆ لێکۆڵینەوە براوە بۆ تاقیگەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI).
فەرماندەیی هێزەکانی باکووری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە "کەشتییە ئەمریکییەکان کە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی باکووری ئەمریکاوە راسپێردرابوون، لە ١٦ی شوباتدا هەڵمەتی هێنانەدەرەوەی پاشماوەی ئەو باڵۆنە سیخوڕییەی چینیان لە دەریا بە سەرکەوتوویی تەواو کرد کە لە چواری شوبات لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خرابووە خوارەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاشماوەی باڵۆنەکە بردراوە بۆ تاقیگەی ڤێرجینیا بۆ ئەوەی لەلایەن FBI لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
باڵۆنە چینییەکە لە ئاسمانی ویلایەتی مۆنتانای ئەمریکادا دۆزرابووەوە کە چەکی ئەتۆمی ئەمریکای لێیە و دوای ماوەیەکی کەم بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دیبلۆماسی لە نێوان واشنتۆن و پەکین.
باڵۆنەکە لە چواری شوبات لەلایەن فڕۆکەی F-22 ی هێزی ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خرایە خوارەوە.
دوای ئەم هەڵمەتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن سەردانەکەی بۆ پەکین دواخست.
چین بانگەشەی ئەوە دەکات کە باڵۆنەکە بۆ مەبەستی سەربازیی و هەواڵگریی بەکارنەهاتووە، بەڵکو لێکۆڵینەوەی کەشناسیی ئەنجامداوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بانگەشەی ئەوە دەکات کە باڵۆنەکە توانای مانۆڕ و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری هەیە.