دیجیتال میدیای سپێده
بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر وبەغدا، كەتائێستا هیچ رێككەوتنێكیان نەكردوە، بریارە ئەمرۆ جارێكی دیكە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و، ئەندامی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە: بڕیارە ئەمرۆ یەكشەممە، بە مەبەستی درێژەدان بەكۆبوونەوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەك شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەین، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.
رۆژی شەممە 11ی شوباتی 2023، لەسەر بریار و راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، شاندێكی حكوومەتی هەرێم، بەمەبەستی گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان، سەردانی بەغدای كرد.
ئومێد سەباح، لەبارەی سەردانەكەی هەفتەی رابردووی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاندبوو: ئەم سەردانەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمە بۆ بەغدا، بە مەبەستی گەیشتن بەرێككەوتن، دەربارەی یاسای نەوت و گاز و بوودجە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و،چەندین بابەتی تر.