به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك ده‌گرینه‌ به‌ر كە بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ڤیزای ساڵانه‌ بۆ حه‌ج و ڤیزای حه‌جی به‌ شێوه‌ی تایبه‌ت یاخود حه‌جی بازرگانی بكات

بەرێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند: ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك په‌یج و له‌ لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه‌ له‌ سعوودیه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌هاووڵاتیانه‌وه‌ ده‌كرێت و بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ڤیزای ساڵانه‌ بۆ حه‌ج و ڤیزای حه‌جی به‌ شێوه‌ی تایبه‌ت یاخود حه‌جی بازرگانی ده‌كرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك ده‌گرینه‌ به‌ر كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌یانه‌وێت زیان به‌ هاووڵاتیان بگه‌ێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد: به‌ پێویستی ده‌زانین هه‌موو لایه‌ك ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ به‌رپرسیار نییه‌ له‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ بێته‌ رێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ به‌م جۆره‌ هه‌وڵ بۆ حه‌ج كردن بده‌ن.

بەرێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێمه‌ هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی حه‌ج به‌رێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی تیروپشك و ناونووسینه‌وه‌ هاووڵاتیان سه‌فه‌ر بكه‌ن چونكه‌ له‌ ساڵانی رابردوویشدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام به‌شێكی زۆریان نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ به‌جێ بگه‌ینن كه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد و پاره‌ی خه‌ڵك له‌م رێگه‌یه‌ فه‌وتاوه‌.