دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند کە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بە رێگای دیپلۆماسی لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و ئەمریکایش دایە.
دوای کۆبوونەوەی بلینکەن لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی، نیکۆس دێندیاس لە ئەسینای پایتەختی یۆنان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان بۆ رێکخرا.
بلینکن بیری خستەوە کە بەر لە ئەسینا سەردانی تورکیای کردووە و لە تورکیا لەگەڵ کارمەندانی تیمەکانی هاوکاری مرۆیی و کەسوکاری سەربازان کۆبووەتەوە، لەبارەی ناوچە کارەساتبارەکانیشەوە گوتی: "داڕووخاوییەکانم بینی، دڵ دەتەزێنێت. دوای بوومەلەرزەکە یۆنان تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی رەوانەی تورکیا کردن. سوپاسی یۆنان دەکەم بۆ ئەم پشتیوانییە بەهێزە لەو کاتە پێویستەدا".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای جیاوازی دیدگای یۆنان و تورکیا لە کاتی بوومەلەرزەکەدا بەیەکەوە کاریان کرد و گوتی: "یۆنان و تورکیا هەردووکیان هاوبەش و دۆستی ئێمەن. لەگەڵ ناتۆ بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بە رێگای دیپلۆماسی و هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە. چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بە رێگای دیپلۆماسی لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و ئەمریکایش دایە. بۆیە پێویستە هەردوولا خۆیان بە دوور بگرن لە هەنگاونانی تاکلایانە و لێدوانی نەرێنی".
بلینکن سەرنجی خستە سەر ئەوەی لە کاتی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیایش هاوبەشێتی نێوان ئەمریکا و یۆنان بەردەوام بووە، گوتی: "ساڵێک تێپەڕیووە بەسەر هێرشی پوتین بۆ سەر ئۆکراینا. دیارە ئەم جەنگە (بۆ رووسیا) بووەتە شکستێکی ستراتیجی".
بلینکن سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە هەمیشە دەرگای دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کراوەیە بە رووی ئێراندا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و گوتی: "کاریگەرترین رێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، دیپلۆماسییەتە".