وتەبێژی حكومەتی عێراق: لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند: هەرچەندە دوو هەفتە لەمەوبەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواوكرابوو بەڵام بەهۆی گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بڕیاردرا پێداچونەوە بە بودجەكەدا بكرێت، چاوەڕێش دەكرێت تاوەكو ناوەڕاستی مانگی داهاتو ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بكات و بینێرێتە پەرلەمان.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، چونكە سەرۆك وەزیران داوای لە وەزیری دارایی كردوە لەسەر بنەمای نرخی تازەی دینار، جارێكی دیكە هەمو ژمارەكانی ناو بودجە هەموار بكرێنەوە، ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو پرۆسەیەش شەش هەفتەی پێدەچێت، تائێستاش دوو هەفتە تەواو بوە بۆیە چاوەڕێ دەكرێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتو، وەزارەتی دارایی هەمواری كۆتایی پڕۆژەیاسای بودجە بدات بە ئەنجومەنی وەزیران، وتەبێژی حكومەتی عێراق دەشڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای دۆخی بازاری وزە و گۆڕانكارییە جیهانیەكان دیاریكراوە، بۆ ئەوەی وڵات توشی كورتهێنان نەبێتەوە.