دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەهۆی بوومەلەرزەكەی شەشەی ئەم مانگەوە، 520 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە توركیا رووخاون یاخود هێندە بێكەڵكبوون پێویستە بڕوخێندرێن.
موراد كۆڕووم وەزیری ژینگەی توركیا، سەردانی ویلایەتی ئەدیامانی وڵاتەكەی كرد و رایگەیاند، پشكنینیان بۆ چوار ملیۆن و 511 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە 11 ویلایەتی توركیا كردووە، بەو ئەنجامە گەیشتوون كە 520 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاون یان پێویستە بەپەلە بڕوخێندرێن، جەختیشیكردەوە حكومەتی ئەنقەرە لە ماوەی یەك ساڵدا قەرەبووی هەموو ئەو كەسانە دەكاتەوە كە ماڵ و باڵەخانەكانیان زیانیان پێگەیشتووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەشی ئەم مانگە، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.7 _ 7.6، باكور و رۆژئاوای كوردستان، توركیا و سوریایان هەژاند، بەهۆیانەوە تاكو ئێستا زیاتر لە 50 هەزار كەس گیانیانلەدەستداوە.