دیجیتاڵ میدیای سپێده
کۆمیسیاری دیوانی سکاڵای ئۆکراینا، دمیترۆ لوبینێتس، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، تا ئێستا ٤٦١ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
لوبینێتس لە یەکەمین ساڵیادی دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، لێدوانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دا و باسی لەوە کرد کە دیاریکردنی ژمارەی تەواوی ئەو ئۆکراینییانەی لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، قورسە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە ٢٠ی شوباتدا زیاتر لە هەشت ملیۆن ئۆکراینی لە ئەورووپا هەبوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی پێنج ملیۆنیان لە چوارچێوەی پڕۆگرامە جیاوازەکانی داڵدەدانی وڵاتانی ئەورووپا، تۆمار کراون.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە نازانرێت لە ئێستادا چەند هاووڵاتی ئۆکراینی لە خاکی رووسیا و بێلاڕووسدا نیشتەجێن، ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ زانیارییەکیان نییە دەربارەی ئەوەی کە چەندێکیان بەخۆویستانە لەوێ چوونەتەدەر و چەندێکیان بەزۆر سنوورداش کراونەتەوە.
دمیترۆ لوبینێتس گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس ئۆکراینایان جێهێشتووە".
کۆمیسیاری دیوانی سکاڵای ئۆکراینا، ئەوەشی دووپات کردەوە کە منداڵان بەهۆی ئەم جەنگەوە زەرەرمەند بوون و رایگەیاند: "بەهۆی ئەو جەنگەی کە رووسیا هەڵیگیرساندووە نزیکەی ٥٢٠ هەزار منداڵی ئۆکراینی لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن. رەنگە سەدان هەزار منداڵی دیکەش هەبن کە تۆمار نەکرابن، چونکە رووسیا، رێگری لە گەیشتن بە هەموو زانیارییەکانی ئەو ئۆکراینیانە دەکات کە بەشێوەی نایاسایی سنوورداش دەکرێنەوە. ژمارەی ئەم منداڵە تۆمار نەکراوانەش بە نزیکەی ١٥٠ هەزار منداڵ دەخەمڵێنین".
لوبینێتس، باسی لەوەش کرد کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا ٤٦١ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و رایگەیاند: "ئەمە ژمارەی کۆتایی نییە، بۆ دیاری کردنی ئەم ژمارەیە کارەکان لەو ناوچانە بەردەوامن لە بەشێوەیەکی کاتی داگیر کراون، یان ئازاد کراون (دووبارە کۆنترۆڵکراونەتەوە) یانیش پێکدادانەکان تیایاندا درێژەیان هەیە".
دمیترۆ لوبینێتس ئەوەی خستەڕوو کە تا کۆتایی ساڵی رابردوو لە ئۆکراینا، شەش هەزار و ٤٤٧ منداڵی بێسەرپەرشت تۆمارکراون و هەزار و ٢٣٣ لەو منداڵانەش بەهۆی جەنگی رووسیاوە بێسەرپەرشت بوون، گوتیشی: "لە ئێستادا زۆرینەی ئەم منداڵانە کە چوار هەزار و ١٦١ منداڵن بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن خزم و ناسیاوەکانیانەوە سەرپەرشتییان دەکرێت. ئەوانی دیکەشیان لەلایەن خێزانی پارێزەرەوە سەرپەرشتییان دەکرێت".
لوبینێتس باسی لەوەش کرد کە لە ئۆکراینا دوو هەزار و ٨٢٦ منداڵی بێسەرپەرشت گوازراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و پێنج هەزار و ٣٢٥ منداڵیش نێردراونەتە دەرەوەی وڵات.
ناوبراو، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کاتی جەنگەکەدا پێشێلکاری زۆر بەرامبەر بە منداڵان ئەنجامدراوە، جەنگ کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی ١،٥ ملیۆن منداڵی ئۆکراینی دروست کردووە و ٥،٧ ملیۆن منداڵیش بەهۆی جەنگەوە لە خوێندن دابڕاون.