بانكی ناوەندی عێراق چەند بڕیارێكی نوێی سەبارەت بە دراوی بیانی و دراوی عێراقی دەركرد و رایگەیاند: مامەڵەكردن و گواستنەوەی پارە بە هەر نرخێك بێت (بەدینار و دۆلار) لەناوخۆی عێراقدا رێگەپێدراوە بەڵام پێویستە گواستنەوەی پارەكە لە نێوان شارەكاندا پاڵپشت بێت بە بەڵگەی یاسایی، هەروەها نابێت هاوڵاتیان لە دەروازە سنورییەكانەوە لە 10 هەزار دۆلار زیاتر لەگەڵ خۆیان ببنە دەرەوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی لە میانەی كوربوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی هێزە ئەمنییەكان و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند: بڕیاردراوە كە پارێزگاری بانكی ناوەندی لایەنی بەرپرسیاربێت لە چاودێریكردنی كاری بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە مۆڵەتی فەرمیان هەیە و دەتوانرێت پشكنین بۆ راستی و دروستی بەڵگەنامەكانیان بكرێت، جەختیشكراوەتەوە لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆ چاودێریكردنی دەروازە سنورییەكان، ئەوەشی خستوەتەڕو، گواستنەوەی پارە (بەدینار و دۆلار) لەناوخۆی وڵاتدا رێگەپێدراوە بۆ هەمو كەسێك، بۆیە بانكەكان دەتوانن ئاڵوگۆڕی دراو و پارە بە هەر بڕێك بێت لەنێوان پارێزگاكاندا بگوازنەوە، پارێزگاری بانكی ناوەندی دەشڵێت، لەرێگەی هێزە ئەمنییەكانەوە دەیانەوێت رێگری بكەن لە بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، لەسەر ئەو بنەمایەش هێزە ئەمنییەكان هەڵدەستن بە پشكنینی هەمو ئۆتۆمبێلێك كە بەرەو دەروازە سنورییەكان دەڕۆن چونكە نابێت هیچ كەس و لایەنێك لە 10 هەزار دۆلار زیاتر لەگەڵ خۆیدا بۆ دەرەوەی سنور ببات.
عەلی عەلاق باسی لەوەشكردوە، هەمو بڕە پارەیەك كە لە بانكەكان و كۆمپانیاكانەوە رەوانە دەكرێت بۆ لقی بانكەكانی دیكە، دەبێت پاڵپشت بێت بە بەڵگەی دروست و یاسایی كە تیایدا رونكرابێتەوە ئەو پارەیە لە كێوە بۆ كێ دەڕوات، ئەگەریش بانك و كۆمپانیاكان روبەڕوی رێكار و داواكاری ناپێویست بونەتەوە، دەتوانن بانكی ناوەندی ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی كارئاسانیان بۆ بكرێت.