ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی باران بارینی بەخۆڕ و لافاو هەروەها رۆچوونی زەوییەوە لە شاری ساوپاولۆ باشووری رۆژھەڵاتی بەڕازیل گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ٥٤ کەس.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی شاری ساوپاولۆ بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەهۆی ئەو لافاوەی کە لە ١٨ی شوباتەوە کاریگەرییان دروست کردووە، تا ئێستا ٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ویلایەتەکە بەردەوامە و هێلیکۆپتەری سەربازیش لە هەڵمەتەکانی بەهاناوەچووندا بەکاردەهێنرێن.
پەیمانگای کەشناسی نیشتمانیی بەڕازیل، لە ٢١ی شوباتدا بڵاوی کردەوە کە ئەو بارانەی چاوەڕوان دەکرا بە درێژایی مانگی شوبات ببارێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا باریوە، لەبەرئەوە زیانەکە گەورەیە.
سەرۆکی بەڕازیل، لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە ٢١ی شوباتدا سەردانی ناوچە کارەساتبارەکەی کرد.
بەهۆی ئەو کارەساتە سرووشتییەوە هەزار و ٨١٥ کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون و سێ هەزار کەسیش لە ناوچەکە گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان.