ماوەیەكە سەرۆكی تونس كە لە 2021دا كودەتایەكی سپی بەسەر شەرعییەتداكرد، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی دژی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەكانی دەستپێكردوە، ئەمەش نیگەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانی لێكەوتەوە.
بەگوێرەی جەزیرە، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، رۆژی هەینی نیگەرانیی ڕێكخراوەكەی دەربڕی سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی تونس، بە تایبەت هەڵمەتی دەستگیركردن.
ستیفان دوجاریك هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی لە تونس بە نادادپەروەری و كەمكردنەوەی فەزای بەردەست بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی وڵات، ناوزەدكرد.
لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانی خۆی لە هەڵمەتەكانی دەستگیركردن لە تونس دەربڕی، داوای لە دەسەڵاتدارانی تونس كرد ڕێزگرتن لە ئازادییەكان بە تایبەت ئازادی ڕادەربڕین مسۆگەر بكەن.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای لە دەسەڵاتدارانی تونس ئەو دەستكەوتە دیموكراسییانەی لە ساڵی 2011ەوە لە وڵاتدا بە دەستهاتوون، بپارێزن.