ئاینی ئیبراهیمی دەرچوونە لە ئاینی ئیسلام

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی له‌به‌یانامه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ ،"گوێڕایەڵیی دوژمنانی ئوممەت و ئاین لە كاری ئاینێكی داهێنراودا و پەسەند كردنی و بانگەوازكردن بۆی، دەرچوونە لە ئاینی ئیسلام."

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

(بەیاننامەی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی، دەربارەی ئاینی ئیبراهیمیی نوێ كە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو كردوویەتە ئاینی نوێی دەوڵەت)

سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، درود و سەلام لەسەر پێغەمبەر موحەممەد كە كۆتا پێغەمبەرە، پاشان:
لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ تەوفیقی خوای گەورە، یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی، هەستان بە گرێدانی یەكەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی دەربارەی هەڵوێستی ئوممەتی ئیسلامیی لەسەر ئەو ئاینە بەناو ئیبراهیمییە كە حكومەتی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بە هاوكاری ئیسرائیل ناساندوویەتی و ئیقراری پێكردووە، ئەم كۆنگرەیە كە نۆزدە دەوڵەت بەشداربوون تیایدا، لەپاش پێشكەشكردنی چەندین وتار دەربارەی ئەم ئاینە داهێنراوە و ئەو پیلانانەوە، زانایانی ئوممەت و ڕابیتە زانستییە بەشداربووەكان ئەم بەیاننامەیەیان بەمشێوەیەی خوارەوە دەركرد:
یەكەم:
بەڵگەنەویستە قورئانی پیرۆز مەزنترین كتێبە كە بە گەورەیی باسی پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) دەكات، لە قورئاندا سورەتێك بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوەیە، چەندین سورەتیش باس لە خانەوادەی و هەندێ‌ لە كوڕەكانی دەكەن، موسڵمانانیش فەرمانیان پێكراوە شوێنكەوتەی ئاین و ڕێنماییەكانی ئەو و هەموو پێغەمبەرانی تریش بن (درود و سەلامی خوایان لێبێت)، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَي اللَّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ قُل لَّا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ أَجْرًا إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرَي لِلْعَالَمِينَ). الأنعام: 90 لەبەرئەوە یەكەمین كەس كە هەقدار بن بە ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) و لەپێشتر بن پێی ئەوا پەیڕەوانی ئیسلام و ئیمانن، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (إِنَّ أَوْلَي النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ). آل عمران: 98
دووەم:
گومانی تێدا نییە كە زانایانی موسڵمان لەگەڵ هاوكاریی مرۆیی و پێكەوەژیانن، كە لەسەر ئازادیی و دادپەروەریی و بێڕێزی نەكردن بە ئاینەكان یان پێغەمبەران بەرپا دەبێت، هاوكات لەگەڵ دیالۆگی مرۆییدان بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگاكان، بەڵام بە یەكدەنگی دەوەستنەوە لە دژی گۆڕینی ئیسلام و شێواندن و ناشیرینكردنی پێغەمبەرانن (درود و سەلامی خوایان لێبێت)، هەر ئەمەش ئاینی موسڵمانانە.
خوای گەورە دەفەرموێ‌: (قُلْ إِنَّنِي هَدَانِي رَبِّي إِلَي صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ دِينًا قِيَمًا مِّلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِين). الأنعام: 191
سێیەم:
مەعلومە كە بنچینەی بیرۆكەی ئاینی بەناو ئیبراهیمی بەرپا دەبێت لەسەر خاڵی هاوبەش لە نێوان باوەڕی ئیسلام و باوەڕەكانی تردا، ئەمەش بیرۆكەیەكی پووچ و ناڕەوایە، چونكە ئیسلام لەسەر بناغەی یەكتاپەرستیی و بە تاك و تەنها ناساندنی خوای گەورە، لەسەر پەرستشكردن تەنها بۆ خوای گەورە دامەزراوە، بەڵام باوەڕی هاوەڵگەریی چووەتە ناو ئاینە گۆڕدراو و لادەرەكانی تر، بتپەرستییان تێكەڵ بووە، یەكتاپەرستیی و هاوەڵگەریش دوو شتی دژ بەیەكن و كۆنابنەوە لەیەك بیرۆكەدا.
ئەوەش كە دەوترێ‌ گوایا ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) لەسەر یەك ئاینە كە كۆكەرەوەی ئیسلام و جولەكەو مەسیحییەتە، ئەوە گوتەیەكی ناڕەوایەو باوەڕێكی خراپە، خوای گەورە دەفەرموێ‌:
(مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَكِن كَانَ حَنِيفًا مُّسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ). آل عمران: 67
چوارەم:
لە ڕاستیدا هەوڵدان بۆ پشتگیریی لە ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام بۆ ئاساییكردنەوەو چۆكدادان، لە ڕێگای ڕەواجدان بە ئاینێكی نوێ‌ كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی سیاسیی بكات، كارێكە لە شێوەو لە بابەت و لە ناوەڕۆك بە ئەسل و فەرعیەوە ڕەتدەكرێتەوە، چونكە ئوممەتی موسڵمان هەر لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی زایینی ڕابردووەوە باری ئاساییكردنەوەی سیاسیی پەسەند نەبووە، لە ئەمڕۆشدا پڕۆژەكانی ئاساییكردنەوەی ئاینی و گۆڕینی باوەڕەكانی پەسەند نییە كە مەترسیان زیاترەو لەپێشترن لە ڕەتكردنەوەی ئاساییكردنەوەی سیاسیی.
خوای گەورە دەفەرموێ‌: (أَفَغَيْرَ دِينِ اللَّهِ يَبْغُونَ). آل عمران: 83
پێنجەم:
ئاشكرایە كە گوێڕایەڵیی دوژمنانی ئوممەت و ئاین لە كاری ئاینێكی داهێنراودا و پەسەند كردنی بانگەوازكردن بۆی، دەرچوونە لە ئاینی ئیسلام كە كۆتا ئاینەو هەڵوەشێنەری هەموو شەریعەتێكی پێش خۆیەتی، ئەو خەڵكانەش كە دەچنە ناو ئەو كوفر و بێباوەڕییە ئاشكرایەوە سەركەوتوو نابن.
خوای گەورە دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تُطِيعُوا فَرِيقًا مِّنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ يَرُدُّوكُم بَعْدَ إِيمَانِكُمْ كَافِرِينَ). آل عمران: 100 هەروەها دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تُطِيعُوا الَّذِينَ كَفَرُوا يَرُدُّوكُمْ عَلَي أَعْقَابِكُمْ فَتَنقَلِبُوا خَاسِرِينَ). آل عمران: 149
شەشەم:
ئەركی سەرشانی ئوممەتە كە هۆشیار بێت و تێبگات لە خەون و خەیاڵە بۆشەكانی ئاشتی، كە لەلایەن خودی جولەكە خۆیانەوە شتێكی بێبنەمایەو دەدرێ‌ بە بادا، سەرۆك وەزیرانیان لە كۆنگرەی كۆمەڵەی (ئەو مەسیحییە یەكتاپەرستانە كە كار دەكەن لەپێناو ئیسرائیلدا) لێدوانی داو وتی: ڕێكەوتننامەی گرێبەستی سەدە ئەو باسەی بەرتەسككردەوە كە ناودەبرێ‌ بە (خەون و خەیاڵی دامەزراندنی دوو دەوڵەت).
وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریكاش لە كۆنگرێسدا وتی: (لە ڕاستیدا باشترین چارەسەریی نمونەیی بۆ ململانێ‌ و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان بریتییە لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و گوزەراندن و سازانی هەردوو لایەنە لەگەڵ یەكتریدا، ئەویش لەدوای كۆتاییهێنان بە هۆكارەكانی ناكۆكییەكە). مەعلومە كە سەروترینی ئەو ناكۆكیانەش كە بە مەبەست دەگیرێ‌ باوەڕی ئیسلامییە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَدَّ كَثِيرٌ مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ يَرُدُّونَكُم مِّن بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّارًا حَسَدًا مِّنْ عِندِ أَنفُسِهِم مِّن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمُ الْحَقُّ). البقرة: 109
حەوتەم:
زانایان هۆشداری دەدەنە حكومەتە ئیسلامییەكان لە چوون بەدەم ئەم بانگەوازە قین لەدڵانەوە، چونكە وێنای دوژمنكارییەكی بێ‌ ئابڕوو و بێ‌ پەروا دەكات لەسەر باوەڕی گەلانیان، لە هەمانكاتدا لێدانە لەو متمانەیە كە گەلان بەخشیویانە بە حكومەتەكانیان و لەباربردنیەتی، هەڵگیرساندنی ئاگری دووبەرەكی و ڕاجیایی و فیتەیە لە نێوان موسڵماناندا، كە دەبێتە هۆی لاوازكردنی ئوممەتی ئیسلام و بەهێزكردنی دوژمنەكەی، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَي عَلَي اللَّهِ الْكَذِبَ وَهُوَ يُدْعَي إِلَي الْإِسْلَامِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ، يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ ، هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَي وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَي الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ الْمُشْرِكُونَ ). الصف: 7-9
هەشتەم:
پێویستە بەرپرسانی وەزارەتەكانی فێركردن و ڕاگەیاندن لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، دەستهەڵگرن لە دەستكاریكردنی بێماناو گاڵتەجاڕی بە بەرنامەكانی فێركردنی ئیسلام، بەڵكو بێن لە ڕێگای قورئان و سوننەتەوە ئەو بەرنامانە پێشكەش بكەن، هەروەها جەختبكەن لەسەر بنەما نەگۆڕەكانی باوەڕ و شەریعەت، نەوەكان بپارێزن لە لادانەكان و گومانە هزریی و باوەڕییەكان، چونكە گەنجان ئەمانەتن لە دەست ئێوەدان، لە گەردنتاندان و لە ڕۆژی قیامەتدا لێپرسینەوەتان لێدەكرێ‌ لەسەریان.
خوای گەورە دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَخُونُوا اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُوا أَمَانَاتِكُمْ وَأَنتُمْ تَعْلَمُون). الأنفال: 27
نۆیەم:
بەشداربووانی كۆنگرە داوا لە زانایان و زانستخوازان و بانگخوازان و تەواوی بیرمەندان و نوسەرە موسڵمانەكان دەكەن هەستن بە ئەركی سەرشانیان بەرانبەر بە ئاینەكەیان، ڕووبەڕووی فیتنەی گۆڕینی ئاینەكەیان ببنەوە، ئوممەتی موسڵمان هۆشیار بكەنەوە لەو مەترسییە كە هەڵیكوتاوەتە سەریان، ئەویش بە نوسینی توێژینەوە و كتێب و بەستنی كۆڕ و وتنەوەی بابەت و وتاردان كە ڕاڤەی باوەڕی یەكتاپەرستیی بكەن، هەروەها ئەوەی كە دژە پێی بیخەنەڕوو، هۆشداری بدەن لەو فیتنەیە و لەو بیدعە گومڕاكەرە، ئەوەش بوترێ‌ كە هیچ جۆرە بیانوویەكی زۆرلێكردن یان لێكدانەوەیەك لە پەسەندكردنی ئەو كارە ناڕەوایە وەرناگیرێ‌.
خوای باڵادەست دەفەرموێ‌: (وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ). البقرة: 191
هەروەها دەفەرموێ‌:
(وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ). الكهف: 29
دەیەم:
زانایانی بەشداربووی ئەم كۆنگرەیە داوای پێكهێنانی دەستەیەكی هاوبەش دەكەن لەسەر ئاستی ئوممەت، كە پێكبێت لە ڕابیتەكان و دامەزراوە زانستییەكان، ئەو دەستەیە هەستێت بە ئەركی دەركردنی بەیاننامە و بڵاوكردنەوەی پەیام لەبارەی گومانەكان و باوەڕە نامۆكان كە نامۆن بە ئوممەتی ئیسلامی، هەروەها بە پاراستنی بنەما نەگۆڕەكان و مەسەلە گومانبڕەكانی ئیسلام، ئەوەش بەجۆرێ‌ كە كۆنگرەیەكی ساڵانەی گشتی و چڕوپڕ لە مانگی ڕەجەبی هەموو ساڵێكی كۆچیدا ببەسترێ‌.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هەر كەس سەركەوتوو بكات و سەریبخات كە ئاینەكەی سەردەخات.
بەندەكانی سەربەرز و شكۆمەند بكات بە سەربەرزی و شكۆمەندی ئیسلام، هەر ئەو زاتە خۆی خاوەنی ئاینەكەیەتی و توانای بەسەریدا هەیە.
درود و سەلام لەسەر پێغەمبەرمان موحەممەد، لەسەر خانەوادەو تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.
كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان