ئێران هۆشداری دەداتە عێراق كە نابێت خاكی وڵاتەكەی ببێتە شوێنی پیلانگێری بۆ سەر وڵاتی دراوسێی

دوایین نوێکردنەوە 2023-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆككۆماری ئێران هۆشداری توند دەداتە عێراق كە نابێت رێگە بدرێت خاكی وڵاتەكەی ببێتە شوێنێك بۆ پیلانگێڕی یان هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی بە تایبەت كۆماری ئێران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە دیدارێكدا لەگەڵ سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاندووە، سنورەكانی ئێران و عێراقی بە سنوری دۆستایەتی و هاوكاری وەسف كردوە و ئاماژەی بەوەكردوە، ئێران ئاسایشی عێراق بە هی خۆی دەزانێت.

لەدیدارەكەدا، وەزیری بەرگری عێراق پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی تەواوی ئێران بۆ گەلی عێراق لە كاتی داگیركردنی چەند ناوچەیەكی عێراق لەلایەن داعشەوە دەربڕیوە و رایگەیاندوە، بەغدا ڕێگە نادات چەكدارە هەلپەرستەكان هەڕەشە لە سنورەكان و ئاسایشی هەردو وڵات بكەن، هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بە ئاماژەدان بەو پشتیوانییەی كۆماری ئێران لە كاتی سەختدا بۆ حكومەت و خەڵكی عێراق پێشكەشی دەكات، وەزیری بەرگری داوای بەردەوامی ئەم پشتیوانییەی ئێرانی كرد، لە چوارچێوەی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا.

لەلایەكی دیكەشەوە، لیوا سەید عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران لەدیدارێكدا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاندوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بیانوی دامەزراندنی ئاسایش دێنە ناوچەكە، تەنیا دەیانەوێت سامانەكەی تاڵان بكەن.

لیوا سەید عەبدولڕەحیم موسەوی باسی لەوەشكردوە، هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ گەشەپێدانی عێراق و چەسپاندنی خۆشگوزەرانی و ئاسایش لەم وڵاتەدا.