دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق راگەیاند، هاوردەكردنی پەلەوەر لە چوار وڵاتەوە، قەدەغە دەكرێت.
محەممەد ئەلخوزائی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێكدا راگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان، وەزارەتەكەیان بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی پەلەوەر لە چوار وڵاتەوە، كە حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندەیان لێ تۆماركراوە.
وتیشی، بەپێی زانیارییەكان لە وڵاتانی توركیا، رۆمانیا، نەمسا و پۆلیڤیا تووشبون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆماركراوە، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڕیارەكەی ئاڕاستەی دەزگای ناوخۆ و هەواڵگری و لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە هاوردەكردنی پەلەوەر بە هەموو جۆرەكانییەوە لەو وڵاتانە.
هەر لە درێژەی وتەكانیدا ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، وەزارەت كار لەسەر ئەوە دەكات، كە رێگریكردن لە هاوردەكردنی پەلەوەر لەو وڵاتانە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر نرخی پەلەوەر لە بازاڕەكان نەبێت.