دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە دەیانەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سوود لە ئەزموونی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی وەربگرن.
نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە شاندێکی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ڤیلە ڤاریۆلا و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، مارتین یێگەر ئامادەی بوون، ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی، ھەروەھا ئەو ھەنگاوانەی کە لەوبارەیەوە نراون خراونەتە بەرباس.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رایگەیاندووە کە دەیانەوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سوود لە ئەزموونی نێودەوڵەتیی و شارەزایانی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی وەربگرن.
لای خۆیەوە رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی پاڵپشتی خۆی بۆ ھەوڵەکانی عێراق لە پێناو پێشخستنی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپاتکردووەتەوە.
شاندی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەیشداوە، ئیرادەیەکی راستەقینە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەدی دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
هەروەها ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سەربەخۆکان، دادگا و سەرجەم دەسەڵاتەکانی دیکە پاڵپشت و ھاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.