دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەوە راگەیەندرا کە ئۆکراینا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاجیای رووسیا کە ناوچەیەکی نزیک مۆسکۆی پایتەختیش لە نێویاندایە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆکراینا شەوی رابردوو بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ناوچەی کراسنۆدار و کۆماری ئادیگە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەلایەن یەکە ئەلیکترۆنییە شەڕکەرەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە هێرشەکە پووچەڵ کراوەتەوە و تێیدا هاتووە: “هەردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵیان لەدەستدا و لە ئاراستەی خۆیان دەرچوون. یەکێکیان کەوتە نێو کێڵگەیەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دیکەش کە لە ئاراستەکەی لایداوە، زیانی بەو ژێرخانە نەگەیاند کە بۆی نێردراوە”.
پارێزگای ناوچەی مۆسکۆ، ئاندرێ ڤۆرۆبیاڤ لە پەیامێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک شاری کۆلۆمنا کەوتووەتەخوارەوە و گوتی: “ئەمە لە نزیک گوندی گوباستۆڤۆ روویدا. ئەگەری هەیە ئامانجەکە ژێرخانێکی مەدەنی بووبێت، ئەوێ زیانی بەرنەکەوت. هیچ زیان و رووخانێک رووینەداوە”.
ڤۆرۆبیاڤ ئەوەشی خستەڕوو کە ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵی رووسیا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە کار لەسەر دۆخەکە دەکەن و رایگەیاند هیچ دۆخێک رووینەداوە کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی دانیشتووانی شارەکە بکات.
هاوکات سەرۆکی شارەوانی بەلگۆرۆد، ڤالێنتین دەمیدۆڤ رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر باڵەخانەیەکی شارەکە کەوتووە و دانیشتووانی باڵەخانەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراونەتەوە.